هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گوشارەكانیان بۆ سەر رەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر بەردەوامن، ئەوان جیا لەوەی ترسیان لە رەوتەكە و جەماوەرەكەی هەیە، ترسیان لە بەشدارینەكردنی شەقامی شیعە لە دەنگدان و بایكۆتی پرۆسەكە و دواخستنی پرۆسەكەش هەیە، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە سەدر پێشنیازێكی چوارچێوەكەی پێوەندیدار بە هەڵبژاردن رەت كردووەتەوە.
سەرچاوەكە دەڵێت، موقتەدا سەدر پێشنیازێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە هەڵبژاردن رەت كردووەتەوە و سێ سیناریۆی لەبری پێشنیازەكەی ئەوان خستووەتە پێش خۆی، كاتێك بەر لە چەند رۆژێك چوارچێوەكە نێردراوێكی كەسییان بۆ سەدر رەوانە كردووە و پێشنیازێكی پێ بووە، بەوەی سەدر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دیاری بكات، لە بەرانبەر دەستوەرنەدان لە رێڕەوی هەڵبژاردن، بەڵام سەدر بە تەواوەتی رەتی كردووەتەوە.
سەرچاوەكە كە نزیكە لە سەدر روونی كردەوە، ئێستە سەدر لە بڕیارەكانی خۆی دابڕیوە و تەنیا بازنەیەكی تەسك لە كەسانی نزیكی بەشداری لە گفتوگۆ و بڕیارەكانی دەكات، كە ژمارەیان بە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات، دووپاتی كردەوە كە سەدر سێ سیناریۆی بۆ ماوەی داهاتوو خستووەتە پێش خۆی، یەكەمیان گردبوونەوە لە شەقامەكان و دانانی خێوەتی مانگرتن و پەرەسەندنی جەماوەری، كە ئەوەش هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكات.
دووەم رەزامەندیی مەرجدار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لە كاتی خۆیدا، لەگەڵ هاندانی خەڵك بۆ بایكۆتكردنی، ئەوەش رێژەی بەشداریكردن زۆر كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆی دداننەنانی نێودەوڵەتی بە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە سایەی بەشداریكردنی میلیشیاكان لە پرۆسەكە، ئەوەش دەرگە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتێكی فریاگوزاری دوور لە حكوومەتی سوودانی واڵا دەكات كە پاڵپشتیی ئێران و ئەمەریكای نییە، لەگەڵ ئەگەری هاتنەپێشەوەی كەسایەتییەكی نوێ و رەنگە مستەفا كازمی بێت بۆ قۆناغی كاتی.
بەپێی سەرچاوەكە سێیەم سیناریۆ و بژارەی بەردەم سەدر دواخستنی هەڵبژاردن و گرەوكردنە لەسەر پەرەسەندنی گەورە و كتوپڕ لە ناوچەكە كە حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ناچاری دواخستنی هەڵبژاردن بكات، پەیامەكەی دوایی سەدریش وریاكردنەوەیەكی پێشوەختەی تەواوی رژێمی سیاسی بوو لە عێراق، دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای پاشەكشەی لە هەڵبژاردن، بەڵام توانای دەستپێشخەریی جەماوەری و سیاسی هەیە.
وەڵام بدەوه