میدیا عێراقییەکان، لەوانەش (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەى سەربازیی عەین ئەسەد لە عێراق و عەدیدە لە قەتەر، کەوتوونەتە جموجۆڵێک کە پێشتر نەکراوە.
سەرچاوەیەک بە پێگەکەى ڕاگەیاندووە، لە سەرەتاى مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەى سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، پێگە و ژمارەی خۆیان زیاد کردووە و چەکی بەهێزیان گواستووەتەوە.
هاوکات باس لەوە کراوە، فڕۆکە ئەمریکییەکان چ ئەوانەى شەڕکەرن و ئەوانەشی کە بەنزین تێدەکەنەوە، بە ژمارەیەکی زۆر هێنراونەتە بنکەى سەربازیی عەدیدە لە قەتەر.
باس لەوەش دەکات، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئەمریکا ٢٤ فڕۆکەى شەڕکەرى ئێف ٢٢ و ٣٥ى هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەحمە ئەلتەمیمی، شارەزاى بوارى ئەمنی باس لەوە دەکات، خێراکردنی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی لە واشنتۆنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ بۆ بنکەکانی کەنداو یان بنکەکانی نزیک لە ئێران، لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە، بە هاتنی فڕۆکەی بۆمباوی، فڕۆکەی سووتەمەنیی ئاسمانی و کەشتیی جەنگی.
ناوبراو زیادی کرد: چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ ئێران ڕابگەیەنێت، هاوشێوەی ئەوەی لە غەززە ڕوویدا. ئەم نەخشەڕێگایە تیشک دەخاتە سەر چوار خاڵی سەرەکی، دیارترینیان: ڕادەستکردنی دەستبەجێی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە، وەستانی بەرنامە مووشەکییەکەی، هەروەها گۆڕانکاری لە پەیکەرى حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هێز و دەسەڵاتی سەرکردە باڵاکان.
وەڵام بدەوه