عێراق له بهرامبهر بڕیاری ئهمریكا بۆ سزادانی میلیشیاكان سكاڵای بێدهسهڵاتی خۆی دهكات
دوای ئەوەی وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک کەسایەتی، دامەزراوە و دوو گرووپی چەکداری عێراقی سزا دا، ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا وەڵامی هەردوو وەزارەتەکەی ئەمەریکای دایەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق پابەندە بەو پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە واژۆ کراون، هەروەها پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە لەسەر بنەمای ئەندامیهتی کارا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یاسا و ڕێکارە کارپێکراوەکانی.
باسم عەوادی، دەڵێت: حکومەتی عێراق لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیایەک و هەندێک قەوارەی دیکە لە عێراقدا بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بەو قەوارانەی کە کەوتوونەتە ژێر رێکاری یاسایی ئەمریکاوە.
لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، حکومەتی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆی بۆ ئەم بڕیاره تاکلایەنەی ئەمەریکا دەردەبڕێت و دهڵێت، گرتنەبەری رێکارێکی لەو شێوەیە بەبێ راوێژ یان گفتوگۆی پێشوەختە پێشینەیەکی نەرێنییە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتمانی کردەوە، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیە پەیوەندیدارەکە و راپۆرت و راسپاردەکانی لە ماوەی 30 رۆژدا پێشکەش بکات.
عەوادی، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی عێراق، هەر چالاکییەکی ئابووری یان دارایی رەت دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی یاسایی نیشتمانی لابدات، یان بۆ دابینکردنی دارایی گرووپە چەکدارەکان یان بۆ مەبەستێک کە ناکۆکی لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای گەل دەقۆسرێتەوە.
وەڵام بدەوه