شارەزایان پێیان وایە لایەنێكی گرنگی هەڵبژاردنی عێراق، شێوازی مامەڵەكردنی واشنتن لەگەڵ حكوومەتی داهاتووی بەغدا دیاری دەكات، ئەمەریكا حكوومەتێكی لە بەغدا ناوێ ملكەچی ئێران بێت و پەرلەمانەكەی پڕ بێت لە نوێنەری میلیشیاكان، بۆیەش ئەمەریكا سیەسەتی خنكاندنی هیواشی میلیشیاكان و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق پێڕەو دەكات.
لە ماوەی دوایی لە دوای تەوقەكەی سوودانی و ترەمپ لە شەرمولشێخ، ئەمەریكا نێردراوێكی تایبەتی بۆ عێراق دیاری كرد و وەزیری دەرەوەی راشكاوانە داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد لە داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران پەلە بكات، كە رێگرن لە سەقامگیریی وڵاتەكە و هاتنی وەبەرهێنانی بیانی بۆی و داهاتی ئەو وڵاتە بۆ ئێران دەبەن.
ئەوەش وای كردووە شارەزایان ئاماژە بكەن كە واشنتن دۆسیەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و هاتنەدەرەوە لە بازنەی ئێران بە خاڵی یەكلاكەرەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق دابنێت، پێوەندییە راستەوخۆكەی سێشەمی رابردووی رۆبیۆ و سوودانی و داواكەی ئەمەریكا، هیچ بوارێكی بۆ لێكدانەوەی تر نەهێشتەوە بەوەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان مەرجی سەرەكییە بۆ حسێبكردنی عێراق وەك هاوبەشێكی رژدی ئەمەریكا، واتە ئێستە ئەمەریكا بەوە ناوەستێت هەوڵی سنوورداركردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ئێران لە عێراق بدات، بگرە مانەوەی میلیشیاكان بە بەربەستی راستەوخۆی بەردەم هەر پڕۆژەیەكی سیادی لە عێراق دادەنێت، بەتایبەتی بەر لە بەرشێوەچوونی هەڵبژاردنەكان.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمەریكی، سەرۆك ترەمپ پێی وایە مانەوەی میلیشیاكانی ئێران وەك ئێستە لە عێراق، جا بە رووكەشی سیاسی بێت یان تەناهی و سەربازی، چیتر وەك دۆسیە و بابەتێكی ناوخۆی عێراقی تەنیا پێوەندیدار بە بەغدا مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، پاڵپشتیی داهاتووی ئەمەریكا بۆ عێراق لە قۆناغی داهاتوو، واتە هاریكاریی سەربازی و تەناهی و وەبەرهێنان، بە وەرگرتنی چەند رێوشوێنێك بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی نایاسایی وابەستە كراوە، ئێستە واشنتن سیاسەتی خنكاندنی هێواش پێڕەو دەكات بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووش تاقیكردنەوەیەكی هەستیارە بۆ ئەو كارە.


وەڵام بدەوه