ئاژانسێکی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی نوێی دەربارەی دۆخی ئابووری عێراق بڵاو کردەوە و بە گوێرەی پلەبەندی راپۆرتەکە، عێراق لە ئاستێکی نزمدایە و وەبەرهێنان لەو وڵاتە لە مەترسیدایە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی (مودیز) کە یەکێکە لە گەورەترین ئاژانسەکانی جیهان بۆ هەڵسەنگاندنی متمانەی دارایی وڵاتان، پلەبەندی عێراقی لە ئاستی Caa1 داناوە کە لە پلەبەندی مودیزدا نیشانەی مەترسی بەرزە و واتای ئەوەیە وڵاتەکە لە توانای دابینکردنی بەرهەمهێنان و بودجە و قەرزەکانیدا لاوازە.
ئاژانسەکە پێیوایە، یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە بودجەی گشتی عێراق تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت و نزیکەی نەوەد لە سەدی داهاتی حکومەت لە نەوتەوە دێت، ئەمەش وای کردووە ئابووری وڵاتەکە زۆر کاریگەر بێت بە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت. ئەم پشتبەستنە زۆرە بۆ ئەوەی وڵاتێک بتوانێت ئابوورییەکی جێگیر و بەردەوامی هەبێت، چونکە نەوت کاڵایەکی گۆڕاوە و نرخەکەی بەپێی بازاڕی جیهانی و بڕیارەکانی ئۆپیک و داواکاری جیهانی بەردەوام دەگۆڕێت.
ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە هەروەها پێشبینی ئەوەی کردووە، نرخی نەوت لە ساڵانی 2026 و 2027 کەمتر بێت لەو ئاستەی لە ساڵانی 2023 تا 2025 تێیدا بوو، ئەمەش فشاری زیاتر لەسەر بودجەی عێراق دروست دەکات و دەبێتە هۆی سەختتربوونی دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتەکە.
ئاژانسەکە پێشبینی ئەوەش دەکات کە قەرزی حکومەتی عێراق تا ساڵی 2026 لە شەست لە سەدی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گشتی وڵات بپەڕێتەوە. ئەم رێژەیە بەرز و نیگەرانکەرە، چونکە قەرزی زۆر فشار لەسەر ئابووری دادەنێت و توانای حکومەت بۆ خەرجکردن لەسەر پڕۆژەکان و خزمەتگوزاری کەم دەکاتەوە. وڵاتانی پێشکەوتوو هەوڵ دەدەن قەرزەکانیان لە شەست لە سەد کەمتر بێت، بەڵام عێراق بەرە ئەو سنوورە دەڕوات.
هەروەها بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، لەڕووی ژینگەشەوە، عێراق بەرکەوتەی مەترسی بەرزە. گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق هەیە و وشکەساڵی، کەمی ئاو و بەرزبوونی پلەی گەرما لە ساڵانی داهاتوودا، گەورەترین کێشەکانی وڵاتەکە دەبن.


وەڵام بدەوه