لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چاوەڕوانی پەسندكردنی ئەنجامەكان و یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی هەرسێ سەرۆكایەتی دەكرێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە خۆی وەك گەورەتین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و خەریكی گفتوگۆیە لەگەڵ كورد و سوننە، سیاستەوانێك پێی وایە جارێكی تر ئەمەریكا رێگە بە باڵادەستیی ئێران لە عێراق نادات.
د. غازی فەیسەڵ سیاستەوانی پێشوو و توێژەر پێی وایە ئەمەریكا بەهیچ شێوەیەك رێگە بە فرەوانخوازیی ئێران لە عێراق ناداتەوە، جا لەسەر ئاستی سەربازی یان سیاسی یان تەناهی بێت، چونكە عێراق بۆ ئێران وێستگەیەكی ستراتیجییە بۆ بەهێزكردن و بنیاتنانەوەی دەسەڵات و هەژموونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە لە سووریا و لبنان و یەمەن، كە ئەوەش واشنتن بە هەڕەشەیەكی راستەوخۆی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی دادەنێت.
روونی كردەوە، جیا لەوە حكوومەتی عێراق خۆی ئەو فرەوانخوازییەی ئێران قبووڵ ناكات، بەتایبەتی كاتێك پێوەندی بە پێكهێنانی حكوومەتێكی لایەنگر و ملكەچی بەرەی موقاوەمەتی هاوپەیمانی لەگەڵ سوپای پاسداران دەبێت، یان سەركردەی میلیشیاكان لەخۆی بگرێت، بەتایبەتی ئەو چوار بۆ شەش میلیشیایەی ئەمەریكا وەك رێكخراوی تیرۆریستی پۆلێنی كردوون و سزای بەسەر سەپاندوون.
فەیسەل ئاماژە دەكات، رەنگە واشنتن نەتوانێت رێگری لە تێپەڕاندنی كاندیدێكی پاڵپشتیكراو لە ئێران بكات، بەڵام دەكرێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی لە بەریەككەوتنێكی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا لابدات، چونكە ئەنجامەكان بۆ پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا كارەسات دەبن، جیا بۆ دۆخەكانی ئابووری و سیاسی و تەناهیی عێراق، ئەمەریكا دەتوانێت گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لەسەر عێراق بكات.
ئەو توێژەر سیاسییە پێی وایە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بابەتێكی ناوخۆییە، بەڵام كاتێك دەبێتە ئامرازێكی ئێران بۆ خزمەتكردنی مەبەستەكانی سوپای پاسداران و پڕۆژە فرەوانخوازییەكانی، لە لایەن ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵ نەكراوە، ئێستە تەنگژەیەكی قووڵ لە نێوان ئێران و ئەوانەدا هەیە و ناكرێ رێگە بەوە بدەن ئێران بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەكانی سوود لە عێراق ببینێت.


وەڵام بدەوه