مارک ساڤایا، نێردەی ئەمهریکا بۆ کاروباری عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند کە ئەگەری خوازیاربن دۆخی عێراق بە یەکجارەکی چارەسەر بکەن، دەبێت بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوانە رووبەڕووی دیاردەی گەندەڵیی ببنەوە.
ساڤایا لەو پەیامەیدا نووسیوویەتی: "ئەگەر بمانەوێت دۆخی عێراق چاک بکەین، دەبێت سەرەتا و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. میلیشیاکان تەنیا نیشانەی نەخۆشییەکەن، بەڵام گەندەڵی خودی نەخۆشییەکەیە."
هەروەها نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "من بە وردی دەزانم پارەی نایاسایی چۆن ئاڕاستە دەکرێت. ئەم پارەیە تەنیا لە تێگەی بەرپرسە پلە باڵاکانەوە ناڕوات؛ بەڵکوو لەوە گرنگتر، لە رێگەی چەندین چینی کارەکتەرانی ئاست نزمەوە دەجوڵێندرێت، وەک ئەندامانی خێزان، هاوڕێیان، پاسەوانان، شۆفێران و نێوەندگیرەکان. ئەم پێکهاتەیە جۆرێک لە پارێزبەندی و دەرفەتی نکۆڵیکردن بۆ بەرپرسەکانی دروست کردووە، لە کاتێکدا سیستەمەکە بە تەواوی بە چالاکی دەهێڵێتەوە."
مارک ساڤایا ئەوەشی خستووە تەڕوو: "ئەمە تۆڕێکی یەکجار ئاڵۆزە و بە ئەنقەست دروست کراوە و زیاتر لە دوو دەیە دەبێت کاردەکات. ئەم تۆڕە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی بەسەر رێساکان، چوارچێوەکانی پابەندبوون و میکانیزمەکانی وردبینی نێودەوڵەتیدا دەرباز بێت و لە رێگەی ئەم سیستەمەوە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە رووی داراییەوە بەهێز کراون، پارێزراون و هاوکارییان بۆ دابینکراوە."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ نووسیوویەتی: "هەر هەوڵێکی جیدی بۆ سەقامگیرکردنەوە عێراق، گێڕانەوەی سەروەری و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانە، دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە گەندەڵیانە دەست پێبکات کە پارەیان بۆ دابین دەکەن و دەیانپارێزن. دەبێت سەرچاوە زەبەلاحەکانی پارەی گەندەڵی، وەک مووچەی بندیوار، قەرزی ساختە و داراییە خەیاڵییەکان رابگیرێن. بەبێ ئەوە، هەموو هەوڵێکی دیکە شکست دەهێنێت."


وەڵام بدەوه