خدر مەنتک، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، هۆشدارییەک دەدات سەبارەت بە تێکچوونی هاوسەنگییە ئەمنییەکانی عێراق و ڕایگەدەگەینێت: "عێراق بەهۆی پێشهاتەکانی سووریا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەرەو قۆناغێکی نادیار و ئاڵۆز هەنگاو دەنێت."
خدر مەنتک، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " گواستنەوەی 7 هەزار زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق، گەورەترین هەڕەشەی ئەمنییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوخۆیی وڵاتەکە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم چەکدارانە وەک (بۆمبێکی میقاتكراو) دەبن لەناو زیندانەکاندا و دەبنە هۆی دروستکردنی فشارێکی گەورە لەسەر سیستەمی ئەمنی، بەتایبەت کە ئەگەری هەیە ئەم گرووپانە هەوڵی ڕێکخستنەوەی شانە نوستووەکانیان بدەن لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا."
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی (عەین ئەسەد) ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکە، عێراقی لە ڕووی ستراتیژیی ئەمنییەوە لاواز کردووە.“
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "کە نەمانی پشتیوانیی تەکنیکی و هەواڵگریی هاوپەیمانان، بۆشاییەکی وەها دروست دەکات کە دامەزراوە ئەمنییەکانی ناوخۆ ناتوانن بە ئاسانی پڕی بکەنەوە."
هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا، خدر مەنتک ڕایگەیاند: "پێشهاتە ئەمنییەکان لە دیمەشق، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دەبێت."
مەنتك هۆشدارییشی دا لەوەی، نەمانی لێکتێگەیشتنی ئەمنی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، وای کردووە کە سنوورەکان ببنە ڕێڕەوێکی ئارام بۆ گواستنەوەی نائارامی و تیرۆر بۆ ناو پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار، ئەمەش واقیعێکی نوێی جیۆپۆلیتیکی بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ”ساڵانی داهاتوو دەبنە تاقیکردنەوەیەک بۆ عێراق.“
جەختیشی کردەوە: "بێدەنگیی بەغدا و خەریکبوونی لایەنەکان بە ململانێی سیاسی، وڵاتەکە بەرەو گۆشەگیرییەکی هەرێمی دەبات، مەگەر حکوومەت بتوانێت هاوسەنگییەکی نوێ لەگەڵ واشنتۆن و جیرانە نوێیەکانی دروست بکات بۆ ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەکی ئەمنیی کتوپڕ."


وەڵام بدەوه