وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕێنوێنییەکانی گەشتکردنی بۆ عێراق توندتر کردووەتەوە و هۆشداری دەدات لە گەشتکردن و داوا لە هاووڵاتیانی دەکات کە تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی مەترسییە ئەمنییەکان و دۆخی ناوچە سنوورییەکان.
لە هۆشدارییەکەدا کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمدا بڵاو کراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی دەکات بە هیچ شێوەیەک گەشت نەکەن بۆ ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل، هەروەها بۆ چەند پارێزگایەکی تر لەوانە نەینەوا، سەڵاحەدین، کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی دیالە و ئەنبار، لەگەڵ گەڕەکی سەدر سیتی لە بەغداد.
هۆشدارییەکە ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە دەکەونە مەودای پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران، عەرەبستانی سعوودی و کوێت.
هەروەها وەزارەتەکە ئامۆژگاریی کردووە کە تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت گەشت بۆ پارێزگای بەغدا، زۆربەی پارێزگای بەسرا، و چەند پارێزگایەکی تری باشوور و ناوەڕاست نەکرێت. ڕێگا سەرەکییەکان و خاڵە سنوورییەکانیش خراونەتە ناو ڕێنماییەکانەوە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە کە بەریتانیا وەک هەڕەشەی ئەمنی بەردەوام و ناسەقامگیری ناوچەیی لە سەرانسەری عێراقی فیدراڵدا وەسفی کردووە.


وەڵام بدەوه