پێشكەشكارێكی عێراقی، ئەو حەفت مەرجە ئاشكرا دەكات كە لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە بۆ عێراق دیاری كراوە كە مەرجەكان هەر پەیوەست نین بە دووبارە نەگەڕانەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵكوو مەرجی زۆر زیاتری هەیە.
بە گوتەی ئەحمەد مەلا تەڵاڵ كە لە میانی بەرنامەكەی خۆیدا خستییە ڕوو، پەیامەكەی ئەمەریكا لە ڕێی نزار خەیروڵا، باڵوێزی عێراق لە ئەمەریكاوە بە دەسەڵاتدارانی عێراقی گەیەندراوە، حەفت خاڵەكەش ئەمانەن:
- میلیشیاكانی سەر بە ئێران بە تەواوی چەكەكانیان لێ بسەندرێتەوە و لە شەش مانگ تا ساڵێك هەڵبوەشێندرێنەوە.
- ڕێگریی تەواو لە سپیكردنەوەی پارە بكرێت و بەپەلە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی بە جددی دەست پێ بكرێت.
- سیستەمی دادوەری لە عێراق چاكسازی تێدا بكرێت و لە كاریگەریی سیاسی و لەژێر فشاری میلیشیاكان دوور بخرێتەوە.
- هەموو راوێژكار و بریكارەكانی ئێران لە خاكی عێراق و لەنێو دامەزراوە عێراقییەكان دەربكرێن و كۆتایی بە هەژموونی ئێران لە عێراق بهێندرێت.
- حەشدی شەعبی نەبێتە سوپایەكی هاوتەریبی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ لە عێراق، بەڵكوو ڕۆڵی حەشدی شەعبی بە یاسا دیاری بكرێت و لەنێو هێزە چەكدارەكانی عێراقدا رێك بخرێن.
- حكوومەتی داهاتووی عێراق لە كەسانی لێهاتوو پێك بهێندرێت كە تەنیا لەبەردەم گەلی عێراق بەرپرسیار بن و پابەند بن بە دەوڵەتی عێراق و بەرژەوەندییەكانی.
- عێراق هاوبەشیی ئابووری و ئەمنیی بەهێز و بەردەوامی لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامی پێ بدات.


وەڵام بدەوه