دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەك باسی هاتنیان بۆ عێراق دەكرد، ئەمڕۆ یەكشەم تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا گەیشتە بەغدا و راستەوخۆ چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق كەوت و چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیدارەكەی تۆم بارك و سوودانی باسی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی عێراق و ئەمەریكا كرا، جیا لە دۆخی گشتیی ناوچەكە و هەوڵی عێراق بۆ سەقامگیریی ناوچەكە و بەتایبەتی سووریا، هەر لە دیدارەكە بۆچوونی هەردوولا بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.
لە دیدارەكە سوودانی دووپاتی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە قووڵەكان لە رێگەی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆیان كردەوە، لای خۆیەوە باراك ئاماژەی بۆ گرنگیی رۆڵی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە و كەمكردنەوەی گرژییەكان و گفتوگۆ و رووبەڕوەوبوونەوەی تیرۆر كردەوە.
شایەنی باسە دوای دانانی مارك ساڤایا وەك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا لە عێراق لە كۆتای ساڵی رابردوو، چەند جارێك بڕیار بوو سەردانی عێراق بكات، بەڵام سەردانەكەی دوا خست، تا لە مانگی رابردوو كتوپڕ لە پۆستەكەی دوور خرایەوە و ئەركەكانی بە تۆم باراك هاتە راسپاردن، كە رۆڵی گەورەی لە سەرخستنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق هەبوو.


وەڵام بدەوه