لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە هەوڵێکی جددی یاسایی لە ئارادایە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی گشتی، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە پاکێجێکی یاسایی کە پەرلەمان لە قۆناغی ئێستادا کاری لەسەر دەکات.
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانی پەرلەمان بەرەو گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ هەنگاو دەنێن، ئەمەش بە مەبەستی سوودوەرگرتنی زیاتر لە خاوەن ئەزموون و تواناکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە وردەکاریی کۆتایی هەموارەکە دوای خوێندنەوەی یەکەم لە پەرلەمان ڕوون دەبێتەوە و پەسندکردنیشی بەندە بە تەرخانکراوە داراییەکان و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە.
ئەم پێشنیازە یاساییە دوو لایەنی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
لایەنی یەکەم: هاوکاری ئەو فەرمانبەرانە دەکات کە درەنگ دامەزراون بۆ ئەوەی لەو سێ ساڵە زیادەیەدا مەرجەکانی خانەنشینی یان پاداشتی کۆتایی خزمەت تەواو بکەن.
لایەنی دووەم: ڕەچاوکردنی مەترسی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ گەنجان بەهۆی مانەوەی فەرمانبەرە کۆنەکان، کە ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی هاوسەنگییەکی ورد هەیە لە نێوان مافی فەرمانبەران و دەرچووانی نوێدا.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه