بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بە ملیاران دۆلار لەلایەن بەرپرسانەوە بەهەدەر دراوە و لە ڕێگەی پرۆسەی سپیکردنەوەوە براوەتە دەرەوەی وڵات. لە تازەترین هەنگاویشدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، بانکی ناوەندی عێراق ڕێنمایی نوێی ئاڕاستەی سەرجەم بانکەکان کردووە بەمەبەستی دروستکردنی داتابەیسێکی گشتگیر بۆ حیساباتی بانکیی بەرپرسان، پاسەوانەکانیان و کەسوکاریان.
ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەم داتابەیسە ئاشکراکردنی هەر قازانج و سەرمایەیەکی ناشەرعییە کە ئاماژە بێت بۆ تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی. زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تۆمارکردنەکە ئەم توێژانە دەگرێتەوە:
بەرپرسانی عێراق و کەسوکاریان تا پلەی سێیەمی نزیکی.
پاسەوانە تایبەتەکان و ئەو سەربازانەی لە کەسایەتییە سیاسی و حکومییەکانەوە نزیکن.
ئەم ڕێکارە نوێیانەی بانکی ناوەندی لەسەر بنەمای راسپاردەکانی بەشی جموجۆڵی ئابووریی سەر بە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هاتوون، کە پێشتر ڕەوانەی حکومەتی عێراق کرابوون. ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی میکانیزمێکی تۆکمەیە بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاغبردنی دۆلار و ڕێگرتن لە بەکارهێنانی سیستمی بانکی بۆ پرۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە.


وەڵام بدەوه