Kurdistan Press - پرۆژەکە کەوتە کار، فەرمانبەران مووچەیان بە کارتی بانکی وەردەگرن. پرۆژەکە کەوتە کار، فەرمانبەران مووچەیان بە کارتی بانکی وەردەگرن. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پرۆژەکە کەوتە کار، فەرمانبەران مووچەیان بە کارتی بانکی وەردەگرن.

فەرمانبەرانی دەیان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆمار دەكرێن و مووچەكانیان به‌ كارتی بانكی وه‌رده‌گرن. لەم مانگەدا زیاتر لە 100 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی حكوومەتی لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆماركردنیان دەستی پێ كردووە و تاوەكوو كۆتایی مانگ تەواو دەكرێن.

هەندێك فەرمانگە لە بانكەكان مامەڵەكانیان بۆ دەكرێت و هەندێكی دیكەش لەنێو فەرمانگەكانی خۆیان، لەلایەن بەشی ژمێریارییەوە بۆیان دەكرێت و هەندێكی دیكەش لە لایەن كارمەندان و بریكارانی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە بۆیان دەكرێت.

ھەروەھا زۆربەی ئەو فەرمانگانەی لەو مانگەدا فەرمانبەرانیان تۆمار دەكرێن لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن.

بەپێی دواین داتاکانی لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من) لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تاكوو ئێستا 150 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەكە تۆمار کراون و دەبنە خاوەن هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیان.

هەر لەم بارەیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە: "مووچەخۆران و فەرمانبەران ئێستا لە ڕێگای پێنج بانکەوە لەسەر خواستی خۆیان لە یەکێک لە بانکەکان هەژماری بانکییان بۆ دەکرێتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەکانیان لە ڕێی هەژماری تایبەتی خۆیانەوە وەردەگرن.''

پێشتر مەڕوان ئازۆز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من) لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  رایگەیاندبوو لە پرۆژەی (هەژماری من)دا، هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەژماری بانكییان بۆ دروست دەكرێت و قۆناغێكی دیكەی تۆماركردن دەستی پێ كردووە.

ئاماژەی بەوەش دا: زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت تۆماركردنەكە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵیدا بڕۆین و لە هەر قۆناغێكیش ئەم پرۆژەیە بۆ خەڵك و ڕای گشتی ڕوون دەكەینەوە.

ڕۆژانە نزیکەی پێنج هەزار کەس لە پرۆژەکەدا تۆمار دەکرێن و تۆماركردن 120 هەزار كەسی تێپەڕاند..

ڕۆژی 28ی 2ی 2023، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ی ڕاگه‌یاند، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.

ڕۆژی 11ی 10ی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تۆمارکردن لە پرۆژەی (هەژماری من) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر بەسەر کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "قۆناغی دووەم پڕۆسەی (هەژماری من) لە 3ی ئەیلوولەوە دەستی پێ کردووە و ئومێدمان وایە کەمتر لە دوو ساڵ هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە.

لە سایتی (هەژماری من)دا هاتووە: بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک، کە تێیدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی مووچەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن سوودمەندی کەرتی گشتی. ئامانج لەم دەستپێشخەرییەش، ڕێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سوودمەندان، لەوانەش هەژماری پاشەکەوتکردن.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه