جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق رای گه‌یاند، رێككه‌وتن له نێوان ھه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ھه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه كراوه، ته‌نیا ماوه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سند بكرێت و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت.
مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" گوتی، ھه‌ردوو حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌سه‌ر ھه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه، گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن كه مووچه له ئینفاقی فیعلی جیا بكرێته‌وه و چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه ئێسته ته‌نیا ماوه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سند بكرێت و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ڵام به‌ھۆی گه‌شتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ سویسرا، ڕه‌نگه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نه‌كرێت و دوا بخرێت.
ئه‌و گوتی، دوای په‌سندكردنی ھه‌مواری یاسای بودجه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌وكات ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت و ھیچ گرفتێكیش دروست نابێت، چونكه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت پێش گه‌یشتنی ئه‌و پڕۆژه‌یه، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كلا بكرێته‌وه و سه‌رۆكێكی نوێ بێته هه‌ڵبژاردن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تا یاسای بودجه ھه‌موار ده‌كرێته‌وه دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه چۆن ده‌بێت، قه‌ره‌نی گوتی، بڕیاره پێدانی پاره بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمی كوردستان به‌قه‌رز به‌رده‌وام بێت تا یاسای بودجه ھه‌موار ده‌كرێته‌وه.
پێویسته بگوترێ له دوای په‌سندكردنی بودجه و بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنوێنییه‌كانی خه‌رجكردنی بودجه، حكوومه‌تی عێراق هیچ بڕه پاره‌یه‌كی مووچه‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه و ئه‌و سێ 700 ملیار دیناره‌ی له ساڵی 2023 ره‌وانه كرا، به ناوی قه‌رز به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دراوه.
وەڵام بدەوه