ئالان حەمەسعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵم کرد و لیستی مامۆستایانی وانەبێژم رادەست كرد.
وەزیری پەروەردە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆمان کرد، لەوانەش نووسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم پێ گەیاند سەبارەت بە تەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجام داوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی عێراق - چین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە وەرنەگرتووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشیان تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا.
وەڵام بدەوه