ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بەهاناچوونی قوربانیانی بەلەمی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەداخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی نقوومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بڵاو بووەوە، لە ناو بەلەمەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەبوون، کە تا ئێستا ژمارەیەكیان ڕزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان دیار نییە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم وێرای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لە پەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.
جێی باسە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ئەم ڕووداوە پەیوەندییان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد و داوای هاوکاری و بەدواداچوونیان کرد.
وەڵام بدەوه