سایلۆ، جووتیاران لەبارەی دابەشکردنی پارەکانیان ئاگادار دەکاتەوە و بەرپرسانی بازرگانییش لەبارەی گەیشتنی بڕە پارەی دیکە زانیاری دەخەنە ڕوو.
سایلۆی سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "جووتیاران ئاگادار دەکەینەوە، کە ئەوانەی نۆرەی وەرگرتنی پارەیان هەبووە و تاوەکوو ئێستا نەهاتوون بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان، رۆژی یەکشەمە 6ی 10 سەردانمان بکەن."
لای خۆیەوە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەشی شەشەمی پارەی گەنمی جووتیاران، نزیکەی 150 ملیار دینار بوو و وەرگیرا و خەرج کرا، لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بەشی حەوتەمیش بنێردرێ."
سەروەر کەمال هاواری ڕوونیشی کردەوە: "نزیکەی 333 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە لای بەغدا ماوە."
لە دوای 20ی 7وە، کە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە کوردستان تەواو بوو، پارەی گەنم لە بەغداوە نەنێردرابوو، بەڵکوو تەنیا 227 ملیار دینار هاتووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو چەکانەی پارەی گەنم، کە هاتوون، دابەش کراون و ئەوەیشی نۆرەی هاتووە و بە هەر هۆکارێک وەری نەگرتووە، دەتوانێت سەردانی سایلۆکان بکات."
وەڵام بدەوه