لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی كەرتی تەندروستی، دەستكراوە بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی بنكەیەكی تەندروستی پێشكەوتوو لە ناحیەی سرێشمە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە ماوەیەكی دیاریكراوی خۆیدا دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەكە.
لەمبارەیەوە، د. كامەران مەلا محەمەد شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران، ڕایگەیاند: "دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كورستان، بایەخێكی زۆر بە كەرتی تەندروستی دراوە لەڕووی دروستكردنی بینایەی نەخۆشخانە و بنكە و بەش و دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی جۆراوجۆر لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی شار و شارۆچكەكانی سنوورەكەمان."
ئەوەش دەخاتەڕوو: "هەروەك ئاسانكاری دەكەین بۆ ئەوانەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە كەرتی تەندروستی دەكەن لەسنوورەكەمان، بە ئامانجی زیاتر خزمەت كردن بە هاووڵاتیان."
دەشڵێت: "دوای بەناحیەبوونی سرێشمە لەسنووری ئیدارەی سۆران، لە زۆر بواردا گۆڕانکاری لە خزمەتگوزارییەکان بەدی کران، یەكێك لە پڕۆژەكانیش دروستكردنی بنکەیەکی تەندروستی پێشكەوتووە لەم شارۆچكەیە."
ئاشكراشی كرد: "لە ئێستادا پڕۆژەكە لە قۆناغی دروستکردنی دایە و لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەكرێت و دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتیانی سنوورەكە."
وەڵام بدەوه