ئەمرۆ هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و سەعات 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ سندووقەكانی دەنگدان داخران، بەو بۆنەیەوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەكەی لە گەلی كوردستان و سەرۆكایەتی و حكوومەتی هەرێم و تەواوی هێزە سیاسی و كاندیدە سەربەخۆكان كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، سوودانی گوتی، پیرۆزبایی لە گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و تەواوی هێزە سیاسییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان دەكەین بۆ تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
زیاتر گوتی، بەردەوامبوون لە بژارەی دیموكراسی بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق، دووپات لە رێزگرتن لە بەهای دیموكراسی و باوەڕە بە دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و چەسپانی بنیاتی دەستوورییە، ئەو دەستكەوتانەش بێ قوربانیدانی عێراقییەكان بۆ ئازادی و سەربەرزی و سەربەخۆیی بڕیارەكەیان نەدەهاتە دی، لە ژیان لە وڵاتێك هەمووان بێ جیاوازی تیایدا لە مافەكان یەكسان بن.
بەو بۆنەیەوە ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەكەین بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هیوادارین رێوشوێنەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەواو بكرێت، لە پێناو بەردەوامیی كاروانی پەرەپێدان و هاریكاری و سەقامگیری، ئەوەش وەك خزمەتێك بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان لە هەرێم.
وەڵام بدەوه