پارتی دیموكراتی كوردستان هەمووكات لە هەڵبژاردن وەڵامی نەیار و ركابەرەكانی دەداتەوە، ئەوانەی خۆیان بۆ كەوتنی پارتی ئامادە كردبوو دەبێت خەمێك لە خۆیان بخۆن، چونكە هیچ متمانەیان لای خەڵك و دەنگدەر و ئەندامانی خۆیان نەماوە و هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن بەرەو بچووكبوونەوە و پووكانەوە دەچن، پارتیش بەهۆی خزمەت و كار و بەرنامەكانی تا دێت متمانەی زۆرتر دەبێت و خەڵك دەنگی پێ دەدەن.
لەوبارەوە كاوە فەتحوڵا، كادری پێشكەوتووی پارتی رایگەیاند، پارتی هیچ كات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووە، لەگەڵ ئەوە بووە كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بكرێت، چونكە بە مافێكی ئاسایی خەڵكی كوردستانی دەزانێت، بۆیە هەموو كات خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە و داوای كردووە بكرێت.
روونی كردەوە، ئەمساڵ پێش هەڵبژاردن تەواوی لایەنەكان و چەندان كەسیش باسیان لەوە كرد كە پارتی لە هەڵبژاردن تووشی شكستی گەورە دەبێت و دەنگەكانی كەم دەكەن، بەڵام ئەو حزبە بەردەوام لە رێگەی بەرنامەكەی كە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە، كاری خۆی كرد و گوێی بە قسەی هیچ لایەنێك نەدا، لەوكاتەی دەیانویست لە پارتی بدەن.
"ئەو لایەنانەی هەموو رێكارێكیان دژی پارتی گرتە بەر لە پێناو ئەوەی دەنگ نەهێنێت، هەر لە پێكهاتەكان و فرەبازنەیی و كۆمسیۆنی عێراق و چەندین شتی تر، پارتی بە هەموو ئەوانە رازی بوو، ئەمەش نموونەی ئەوپەڕی متمانەبەخۆبوونە، كە پارتی هەمووكات ئامادەی هەڵبژارنە بە هەر شێوەیەك بێت، چونكە لای پارتی شەرعیەتی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و لە پێناو پاراستنی شەرعیەت و بەهاكانی دیموكراسی هەموو كات ئامادەی هەڵبژاردنە، ئەو هەموو گرەوانەشی بەتاڵ كردەوە كە دەیانگوت پارتی لەو هەڵبژاردنە دەدۆڕێت و دەنگی كەم دەكات، هەمووان بینیان چۆن پارتی سەتان هەزار دەنگی زیادی كرد و ئەوە لایەنەكان بوون دەنگیان كەمی كرد و متمانەیان نەماوە"، كاوە فەتحوڵا، كادری پێشكەوتووی پارتی وا دەڵێت.
دووپاتی كردەوە، پارتی بۆ ئەوەی هەمووكات متمانەی هەبێت كار لەسەر ئەوە دەكات بەڵینەكانی جێبەجێ بكات و خزمەت بكات، بەرگری لە مافی خەڵك بكات و كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بنیاتنانی كوردستانی بەهێز و پاراستنی كوردستان لە پیلانی نەیاران و دوژمنان دەكات، حزبێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، كەچی لایەنەكانی تر لە بەرانبەر هەموو شتێك تەنیا كاریان ئەوەیە دژایەتیی پارتی بكەن، ئەمەش جیاوازییەكی بچووكی پارتی و لایەنەكانی ترە.
لای خۆیەوە حەسەن مارف، مامۆستای سلێمانی " ئاماژە دەكات، هەموو لایەك پارتی دەناسن و دەزانن چ حزبێكە و خاوەنی چ مێژوویەكە، خاوەن چ پێگەیەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، پارتی حزبێكە هەمووكات لەكاتی هەڵبژاردن وەڵامی نەیارەكانی دەداتەوە، هەردەم لەگەڵ ئەوە بووە كە هەڵبژاردن بكرێت و بە ركابەرەكانی بڵیت پێگەیان چەندە لە چاو ئەو حزبە، ئەوانەشی كە دایاننابوو پارتی بكەوێت بینییان چۆن حزبەكە بووەوە بە یەكەم و سەتان هەزار دەنگی زیادی كرد، بۆیە ئەو ئەنجامە لەوكاتەی خەڵك ئازادانە چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان گەورەییە بۆ پارتی.
زیاتر گوتی، پارتی هێزێكە لە كوردستان ركابەری نییە، هەموو لایەنەكان بە گەورە و بچووكەوە ركابەری پارتی دەكەن و دژایەتیشی دەكەن، بەڵام رۆژێك یان لە هەڵبژاردنێك نەیانتوانی ركابەریی راستەقینەی پارتی بن، چونكە پارتی هەمیشە لە هەڵبژاردن وەڵامی ركابەرەكانی دەداتەوە، بۆیە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە.
لای خۆیەوە هەرێم جەمال، چاودێری سیاسی رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكە هیچكات نابێت گرەو لەسەر كەوتن و كەمبوونەوەی بنكەی جەماوەری و بچووكبوونەوەی قەبارەكەی بكرێت، بە جۆرێك رەگی داكوتاوە كە كەوتنی لە چوارچێوەی زۆر مەحاڵدایە، هەمیشە بەوە ناسراوە ركابەرەكانی لە كاتی هەڵبژاردندا دەنێژێت و بەجێیان دێڵێت، لە كاتی هەڵبژاردن رەحم بە هیچ لایەنێك ناكات.
وەڵام بدەوه