بڕیاردرا بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی سەر بە قوتابخانەكانی وەزارەتی ئەوقاف بە گرێبەست.
بەپێی نووسراوێكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە ئهمڕۆ 24ی ئۆكتۆبهری 2024، دەرچووە و كۆپییەكی دەست (کوردستان پرێس) كەوتووە، رەزامەندی دراوە وانەبێژانی قوتابخانە ئایینییەکان بكرێنە گرێبەست.
لە نووسراوەكەدا كە بۆ وەزارەتی ئەوقاف ڕەوانە كراوە، هاتووە: "رەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 105 مامۆستای وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی ئەوقاف."
ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی بە وەزارەتی ئەوقاف راگەیاندووە، كە دەبێت بە لیستێك ناو و كۆپی ناسنام و بروانامەكانیان بۆیان بنێردرێت.
لای خۆیەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی ئەوقاف ڕەوانە كراوە و بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت 105 وانەبێژی قوتابخانەكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف كرانە گرێبەست."
ئەو مامۆستایانە ماوەیەکی زۆرە بەشێوەی وانەبێژ لە 20 قوتابخانەی ئایینی وانە دەڵێنەوە و پێشتر وەزارەتی ئەوقاف بە نووسراوێك داوای كردبوو كە هاوشێوەی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكرێنە گرێیەست.



وەڵام بدەوه