ده‌یان خێزانى عەرەبی شیعه‌ى لوبنانى گەیەندراونەتە سنوورى شاری خانه‌قین و نیشته‌جێ كران، چاودێرانیش ئەمە بە بەشێك لە پرۆسەی تەعریبكردنی كوردستان لە قەڵەم دەدەن، لە كاتێكدا 98%ی خەڵكی خانەقین لە ریفراندۆمە مەزنەكەی 25ی ئەیلوولی 2017دا دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا.
له دواى خیانه‌ته‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017، میلیشیاكان ده‌ستیان به‌سه‌ر خانه‌قین و ناوچەیەكی فراوانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا گرت و له‌و كاته‌وه به به‌رنامه‌ڕێژى ده‌ستیان كردووە به ته‌عریبكردن و هەموو بارودۆخێك بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان دەقۆزنەوە.
له دواى دروستبوونى ئاڵۆزی له باشوورى به‌یرووت، زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 200 هه‌زار لوبنانى ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئاواره‌بوونیان، میلیشیاكانى عێراق بانگهێشتى ئه‌و ئاوارانه‌یان ده‌كرد ڕووبكه‌نه عێراق و حكوومه‌تیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌رگاى واڵاكرد و ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ك پێویستیان بێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بە گوێرەی ئەو بەڵگە ڤیدیۆیی و وێنانەی دەست (کوردستان پرێس) كەوتووە، چه‌ند ڕۆژێكه ده‌یان خێزانى شیعه‌ى لوبنان هێنراونه‌ته سنوورى شارى خانه‌قین و نیشته‌جێ كراون، ئه‌مه‌ش بە بۆچوونی چاودێرانی كورد، دووباره ته‌عریبكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌یه و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه به سه‌دان و هه‌زاران خێزانى دیكه بهێننه ناوچه‌كه به یه‌كجارى له‌وێ نیشته‌جێیان بكه‌ن، له كاتێكدا دانیشتووانى خانه‌قین له ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به ڕێژه‌ى سه‌دا 98 ده‌نگیان به (به‌ڵێ) دا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لەو عەرەبە لوبنانییانە بهێندرێنە كەركووكیش، تەنانەت ڕێبوار تەها كە پارێزگاری كەركووكە لە پشكی یەكێتی و بەپێی ڕێككەوتنی حزبەكەی لەگەڵ عەرەبە شۆڤێنییەكان و میلیشیاكان پۆستەكەی وەرگرتووە، لە لێدوانێكدا بە فەرمی رای گەیاندووە كە ئامادەكاری دەكەن بۆ پێشوازیكردن لەو عەرەبانە.
وەڵام بدەوه