نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3 هەزار و 755 دۆلاری تێپەڕاند و نرخی مسقاڵیش گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و بە 758 هەزار دینارە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 لە هەرێمی کوردستان بە 795 هەزار دینارە و مسقاڵی عەیار 18 بە 650 هەزارە".
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر گوتی، ئەو نرخەی زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرزترین نرخە لە مێژووی مامەڵەکردن بە زێڕ.
لە دوێنێوە بەهای دینار بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 140 هەزار و 500 دینارە، ئەمەش هۆکار بووە نرخی زێڕ بەرزتر نەبێتەوە و ئەو بەرزبوونەوەیەی هەیبووە رێژەیی بێت.
هۆکاری بەرزبوونەوەی مێژوویی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازرگانان و وەبەرهێنەران چاوەڕێی کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا دەکەن.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکەش بکات و پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستبکات.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە ماوەی کورتخایەندا ئاراستەی نرخی زێڕ هێشتا بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەڵام بە درێژایی رۆژ، ئەگەری پاشەکەشەی کاتی نرخی زێڕ هەیە."
وۆنگ دەڵێت، "هێڵی بەرگریی بەهێز بۆ نرخی زێڕ 3710 دۆلار و 3690 دۆلارە و پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ بتوانێت بەرگری لەو ئاستانە بکات."
وەڵام بدەوه