جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئاشكرای دەكات، ئەم هەفتەیە شاندێكی گەررە بازرگانان و كۆمپانیاكانی توركیا دێنە هەولێر، دەشڵێت: "بەهۆی ئارامی و ئاسایش و پێشكەوتنی ئابووری ، بە تایبەت لە كابینەی نۆیەمدا هەولێر بووەتە جێگەی سەرنجی كۆمپانیا و بازرگانیی وڵاتان."
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر رایگەیاند: "رۆژی 31ی10ی2024، شاندێكی گەرورە بازرگانان و كۆمپانیا و خاوەنكارانی توركیا دێنە شاری هەولێر و لەگەڵ بازرگانان و خاوەنكارانی هەولێر دیداری تایبەتیان دەبێت وبۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ راوێژکارانی بازرگانی لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بۆ رێكخستنی هاتنی شاندەكە سەردانیان كردین."
ئاماژەی بەوەش دا، لەگەلً شاندەكە 37 كۆمپانیای گەورەی بوارەكانی خۆراك و بیناسازی و خانووبەرە و دەرمان و كشتوكاڵ دێن.
ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی روونیشی كردەوە: "بەهۆی ئارامی و ئاسایش و پێشكەوتنی ئابووری ، بە تایبەت لە كابینەی نۆیەمدا هەولێر بووەتە جێگەی سەرنجی كۆمپانیا و بازرگانیی وڵاتان و ئێمەش هاوكار دەبین بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری و بازرگانی وڵاتان لە هەولێر و هەرێمی كوردستان زیاتر بێت."
کامەران سەڵاح باجگر جەختی كردەوە، توركیا وڵاتێكی گرنگە و ساڵانە 16 بۆ 18 ملیار دۆلار ئاڵوگۆرشی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە.
وەڵام بدەوه