وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریی دەدات و رای گەیاند، ئێستە لە هەندێك دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێك شوێنی تر، پێچەوانەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەست بە پرۆسەیەكی تر كراوە بەناوی تەوتین، لە دەرەوەی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 29ـی ئۆكتۆبەر، لە نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە دووی ئابی 2023، پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی و جێگر و هەموو وەزیرەكان، وەك پڕۆژەی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی دارایی و كاركردن بە سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستان پەسند كرا.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە، بە خێرایی دەست كرا بە تۆماركردنی مووچەخۆران، پلانەكەش بەو جۆرەیە، نابێت تۆماركردنی هەموو مووچەخۆران لە كۆتایی 2025 تێپەڕ بكات. هەروەها ئەو پڕۆژەیە سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، كە تا مانگی ئەیلوولی 2024، 153 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پڕۆژەكە تۆمار كراون.
روون كراوەتەوە، ئێستە لە هەندێك دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێك شوێنی تر، پێچەوانەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەست بە پرۆسەیەكی تر كراوە بەناوی تەوتین، لە دەرەوەی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، كە تاكە لایەنی فەرمی ڕێكخستنی لیست و شێوازی دابەشكردنی مووچە كەرتی گشتییە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش داوە، "جگە لە پڕۆژەی هەژماری من، هیچ كار و بەرنامەیەكی تری بەدیجیتاڵكردن پەسندكراو نییە، بۆیە ئاسانكاری بۆ تیمی هەژماری من بكەن تا كارەكانیان بكەن؛ بەپێچەوانەوە هەر فەرمانبەرێك یان ئەفسەرێك یان كارمەندێك ڕێگریی لە تیمەكانی پڕۆژەی هەژماری من بكات، بەگوێرەی یاسا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە."
وەڵام بدەوه