بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم گەڕەک و سیتییەکانی نزیک لە شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری، لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3/11/2024، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر پڕۆژەیەکی گرنگە و تاوەکوو 30 ساڵی تر کێشەی کەمئاویی هەولێر چارەسەر دەکات، بێ جیاوازی سەرجەم ئەو گەڕەک و سیتییانەی کێشەی کەمئاوییان هەیە و نزیکن لە شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری، لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن."
ئاماژەی بەوەش دا: "بەپێی گرێبەست، کۆمپانیای جێبەجێکار دەبێت لە ماوەی 550 ڕۆژ، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بكات، بەڵام کۆمپانیا کارەکانی خێراتر کردووە و چاوەڕوان دەکرێت پێش کاتی دیاریکراو پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر جێبەجێ بکرێت."
لە بەرواری 8/9/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا.
لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری بە چارەسەرێکی بنەڕەتی دانا و ئاماژەی بەوە دا: "تاوەکوو 30 ساڵی تر کێشەی کەمئاوی لە هەولێری پایتەخت چارەسەر دەکات."
وەڵام بدەوه