بەھۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزانیی ھەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ھەرێم لەناوەندەکانی خوێندن پشوو ڕاگەیاندراوە و، یەکە کارگێڕییەکان بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەیان سەرپشک کردووە بۆ ئەوەی دەوامی ئاسایی بکەن یان پشووی فەرمیی ڕابگەیەنن.
بەھۆی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ھەریەک لە پەروەردەکانی پێنجوێن، شارەزوور، شارباژێڕ و پارێزگای ھەڵەبجە لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە و، لە سنووری قەزاکانی پشدەر و بیتوێن لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش، لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان بووەتە پشوو.
ھاوکات پارێزگای ھەولێریش ڕاگەیاندووە کە ھەموو ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو و ڕووداوی نەخوازراو بەھۆی بارانبارینەوە، ھەروەھا بەرگری شارستانیی دھۆکیش ڕاگەیاندووە کە لە کاتی بارینی بارانێکی زۆر، ئەو ھاووڵاتییانەی ماڵیان لە بەنداوەکانەوە نزیکە، پێویستە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
پارێزگای کەرکووکیش ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا ئاماژەی بەوەدابوو کە، بەپشتبەستن بە ڕاپۆرتی کەشوھەوا، ڕۆژی یەکشەممە لە سەرتاسەری پارێزگای کەرکووک، لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.
پێشبینی دەکرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و تیمەکانی شارەوانی و فریاکەوتن لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک و فریاکەوتنی هاووڵاتییان لە کاتی پێویستدا.
وەڵام بدەوه