قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات و لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت.وێنە گەورەکە: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان فراوان دەکرێت و ژمارەی ئەوانەی زەوییان پێدەدرێت لە 200 هەزارەوە بۆ 350 هەزار کەس زیاد دەکرێت.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئاڤا میدیای گوت، پرۆسەی دابەشکردنی زەوییان خێرا کردووە، بەشێوەیەک ڕۆژانە لە 08:30 خولەکی بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر 09:00ی شەو فایلەکان ڕێک دەخرێن و ئێستا وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆرمی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی، ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکرێت.
قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەم ڕۆژانە دەستپێدەکات، لەمەدوا هەرجارەو تیروپشک بۆ دەیان هەزار ناو دەکرێت و چیتر تیروپشک کردن بۆ هەزار و دوو هەزار و سێ هەزار ناو نامێنێت.
وەک سەربەست مەولوود دەڵێت لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا بەلایەنی کەمەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار ناو دەکرێت، واتە هەر پارێزگایەک 10 هەزار کەس.
سەرەتا بڕیار بوو زەوی بە نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بدرێت، بەڵام نزیکەی 400 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیە نزیکەی 350 هەزار کەس مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە. سەربەست مەولود دڵنیایی دا لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەتوانرێت پارچە زەوی زیاتر ئامادە بکرێن، بۆیە هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش نابێت.
وەڵام بدەوه