جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تویتێكدا پێشوازی لە بڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات لەبارەی كارئاسانی حكوومەتی عێراق بۆ بانكە ئەهلییەكان لە پرۆسەی بەبانكیكردن "تەوتین"ی مووچەی مووچەخۆران و داوایش لە مووچەخۆران دەكات كە بەزووترین كات خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار بكەن.
ئەمڕۆ سێشەم 19ی تشرینی دووەمی 2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی كردووەتەوە كە پێشوازی لە بڕیارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن لەبەرانبەر ئەوەی وه‌زاره‌ت و كۆمپانیاكانی سه‌ر به وه‌زاره‌ته‌كانی له حكوومه‌تی عێراق ڕاسپاردووه، پێوەندیی و هاوكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بانكه تایبه‌تەکان کە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان هه‌یه به‌هێز بكه‌ن.
بڕیارەكەی سوودانی كە ئاڕاستەی گشت وەزارەت و پارێزگاكان كراوە بریتییە لەوەی كە پێویستە هاریكاری بانكە ئەهلییەكان بكرێت كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە رێگەپێدراون لە پرسی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران.
لە تویتەكەدا عەزیز ئەحمەد روونی كردووەتەوە كە بڕیاره‌كه‌ی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه، چونكە له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی "هه‌ژماری من" یه‌ك ده‌گرێته‌وه و هاوشێوه‌یە و ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌رده‌خات كه حكوومه‌ت هاوكاریی بانكه تایبەتەکان ده‌كات له به بانكیكردنی مووچه‌ی مووچەخۆران.
زیاتر هاتووە ئەم بریارەی حکوومەتی عێراق هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشخستنی سیستەمی بانکی.
لە كۆتایی تویتەكەیدا كە لەگەڵ نووسراوەكەی سوودانیدا بڵاوی كردووەتەوە، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەیش كردووە، لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەروەها بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەت پێدراون لە ناویشیاندا ئەو بانکانەی کە لە پرۆژەی "هەژماری من" بەشدارن، داوا لە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەزووترین کات خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار بکەن.


وەڵام بدەوه