ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 11ى حوزهیرانى 2025) له ئاسمانی عێراق ڕووداوێکی فەلەکی دەگمەن دهبینرێت، کە مانگ لە وەرزی زستاندا بۆ نزمترین خاڵی ئاسۆ دادەبەزێت. ڕەنگەکەی لە نێوان پرتەقاڵی و سووردا دەبێت، یان ئەوەی بە "مانگی شیلیك" ناسراوە.
شارەزایان دەڵێن، ئەم شەوی چوارشەممە و پێش ده ڕۆژ له دهستپێكردنى وهرزى هاوین كه دهكاته 21ى حوزهیران، له ئاسمانى عێراق ڕووداوێکی فەلەکی جوان ڕوو دهدات. مانگی پڕ کە لە هەندێک کولتووردا بە "مانگی شیلیك" ناسراوە، هەرچەندە ناوەکە پەیوەندی بە ڕەنگەکەیەوە نییە، بەڵام لە ئاسماندا زۆر نزم دەردەکەوێت. بەرزییەکەی نزیکەی پێنج پلە کەمتر دەبێت لە نزمترین خاڵ کە خۆر لە وەرزی زستاندا پێی دەگات. ئەمە ڕووداوێکی زۆر دەگمەنە بۆ مانگی پڕ.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەوەی تیشکی مانگ بە چینە چڕەکانی بەرگەهەوادا تێدەپەڕێت لەم بەرزییە نزمەدا، ڕووناکییهكهی پەرش و بڵاو دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگەکانی مانگ بهو شێوهیه دەربکەون، لە پرتەقاڵییەوە تا سوور، ئەمەش جوانکارییەکی تایبەت بە دیمەنەکە دەبەخشێت کە سەرنجی فۆتۆگرافەران، ڕادەکێشێت.
بەجیا لهو بابهته، دهستهى كهشناسى و بوومهلهرزهزانیی عێراق پێشبینی دەکات، شەپۆلێكی گەرمای بێوێنه لهم ساڵدا، ڕۆژى شەممەی داهاتوو دەست پێبکات، بەتایبەتی لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق. لە نەخشەی کەشناسیدا دەریدەخات پلەکانی گەرما ئەگەری هەیە بگاتە 50 پلەی سەدی لە چەند شارێکی وەک بەسرە، عەمارە، ناسڕییە و کووت. هاوکات پێشبینی دەکرێت بەغدا بگاتە 49 پلەی سەدی.
لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای فورات، وەک ئەنبار و کەربەلا و نەجەف پلەکانی گەرما لە نێوان 44 بۆ 46 پلەی سەدی دهبن، هەروەها ناوچەکانی ههرێمی كوردستان و شارى مووسڵ پلەکانی گەرما تاڕادەیەک نزمتر تۆمار دەکەن، لە نێوان 35 بۆ 38 پلەی سەدی.
وەڵام بدەوه