گوتەبێژی دەم پارتی ڕای دەگەیەنێت، عەبدوڵلا ئۆجەلان داوای کردووە لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ ببێتەوە.
چوارشەممە، 11-06-2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، کرد.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: "ئامادەکاری دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئیمرالی بکەین و لەگەڵ بەرێز ئۆجەلان باس لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی بکەین."
وەکوو ئەوەی ئایشەگوڵ دۆغان باسی کرد "بەرێز ئۆجەلان دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی پارتە کوردییەکان پەیوەندی ببەستێت و قسە بکات، لەوانە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی و بافڵ تاڵەبانی. ئێمەش ئەمە دەخوازین، چونکە گرنگی زۆر هەیە بۆ پرۆسەکە و ئەگەریشی هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕوو بدات."
گوتەبێژی دەم پارتی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو: " پرۆسەیەک دەستی پێ کردووە، بەڕێز ئۆجەلان بانگەوازی کرد و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆنگرەی خۆی کرد، باشە قۆناغی دواتر چی دەبێت؟ لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارانە دامەزاراندنی کۆمسیۆنێکی پەرلەمانییە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە. داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین بەر لەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمان دەست پێ بکات، پێویستە کۆمسیۆنەکە پێک بهێنێت و کۆبوونەوەیەک لەبارەی شێوازی کۆمسیۆنەکە بەڕێوە بچێت."
تا ئێستا شاندی دەم پارتی، پێنج جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە دوورگەی ئیمراڵی، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆ بووەتەوە.
وەڵام بدەوه