بە فەرمانی تایبەتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە پێناو چارەسەركردنی رەوشی تایبەتی هاووڵاتیانی سووری ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لەهەرێمی كوردستان بەسەر چووە، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان كرد كە كاری پێویست ئەنجام بدەن بە گرتنەبەری پێویست.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا زانیاری گرنگی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان ئەو رێككارانە بگرنە بەر پێدانی ماوەی 60 رۆژی كاركردن لە رۆژی دەرچوونی ئەم نووسراوە بۆ گشت خوشك و برایانی سووری كە نشینگەكانیان بەسەرچووە یان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و نشینگەیان دەرنەهێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نشینگە بكەن بۆ دەرهێنان یان نوێكردنەوەی نشینگە بۆ ماوەی یەك ساڵ بە گوێرەی فۆرمی 20 و لە سزای دواكەوتن دەبەخشرێن.
هەروەها ئەوانەی لە خاڵی یەكەم ئاماژە بە كەیسەكانیان كراوە و نایانەوێ لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەكەن، لە سزاكانی دواكەوتنی نوێكردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن، پێویستە سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكانی نشینگە بكەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەك جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بە شێوەی فەرمی لە ڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
لە خاڵی سێیەمیشدا باس لەوە كراوە، ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی ناتوانن بە فڕۆكەخانە گەشتی گەڕانەوە بكەن، دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكانی نشینگە بكەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبوون لە بەخشین لە سزاكان و خۆ تۆماركردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی پیشابوور، كە لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆیان رێك دەخرێت.
لە كۆتایشدا باس لەوە كراو كە ئەم فەرمانە لە ڕۆژی یەكشەم 15ی حوزەیرانی 2025 دەچێتە واری جێبەجێكردن.
وەڵام بدەوه