کەسایەتییەکی دیاریی چەمچەماڵ دەڵێت: دانوستان پێویستی بە پشوودرێژی و خۆڕاگرییە بۆ پچڕینەوەی پشکی زیاتر و زیاتر لە بەرانبەر، وەکو ئەوەی کە کاک مەسرور بارزانی پێداگرە لەسەر ماف و بەشی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.
یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، کەسایەتی دیاریی چەمچەماڵ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوویەتی: ناکرێت ئەو کێشە ناوخۆییانەی کە هەمانە ڕێگە لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت.
ئەو کەسایەتییە دیارەی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە داوە، ئێمە ئێستا لە دانوسانداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، دانوستانیش پێویستی بە پشوودرێژی و خۆڕاگرییە بۆ پچڕینەوەی پشکی زیاتر و زیاتر لە بەرانبەر، وەکو ئەوەی کە کاک مەسرور بارزانی پێداگرە لەسەر ماف و بەشی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، نەک وەکو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە تەواویی ورەیان ڕووخاوە یان دەیانەوێت خۆیان شیرن بکەن لای بەغدا و دەڵێن، "با بە زوویی بە هەموو داواکاریەکانی بەغدا ڕازی بین".
ناوبراو باسی لەوە کردووە، نەرمی نواندنی لەو شێوەیە لە هیچ ڕێککەوتن و دانوسانێکدا نەبووە و خەریکە هەندێک لەو کەس و لایەنانە دەبنە جێگەی گومان کە بەرژەوەندیی گەلەکەیان دەوێت یان بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان هەیە لەگەڵ بەغدا.
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم گرفتانە هەر چارە دەبن، بەڵام نابێت بە لاسەنگی و تەسلیمبوونی لایەک بێت. هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە، لە پرسی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا کارە ڕاستەکە ئەوەیە کە کاک مەسرور دەیکات.
وەڵام بدەوه