وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند بەرنامەی سەرۆک ترەمپ ئەوەیە بەرهەمهێنانی وزە لە جیهاندا زیاد بکات و هەر بۆیەش حەز دەکەن نەوت و غازی زیاتر لە کوردستان بەرهەم بێت.
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕێککەوتنی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە حەز دەکەین کەرتی نەوت و غاز لە کوردستان زیاتر پەرەی پێ بدرێت لەبەر ئەوەی بازاڕێک هەیە بۆ دەرهێنانی و ئەوە زۆر یارمەتیدەرە بۆ خەڵکی کوردستان و یارمەتیدەرە بۆ ئەمریکا و هەموو جیهانیش".
وەزیری وزەی ئەمریکا گوتیشی: "ئەو کات کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمریکا بوو توانیم چاوم پێی بکەوێت. کوردستان یەدەگێکی زۆری هەیە و کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لەوێن".
کریس رایت ئاماژەی بەوەش کرد: "بەرنامەی سەرۆک ترەمپ و ئیدارەکەی ئەوەیە کە وزەی زیاتر دۆخی هەمووان باشتر دەکات و وا دەکات تێچووەکان کەم ببنەوە و ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات کاری زیاتر بکەن". گوتیشی: " ئێمە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و گازی سروشتین، بۆیە زۆرمان هەیە بۆ فرۆشتن لە هەموو شوێنێک. بەڵام ئێمەش دڵخۆشین بە هاوکاری لەگەڵ ئەوانی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غازی زیاتر لەو وڵاتانە".
وەڵام بدەوه