سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جووتسایدی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، حاجی ئۆمەران سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بووە و شوێنەواری بارزانیی نەمرە. جیا لەوەش دەروازەیەکی گرنگە بۆ بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئیران.
ئەمڕۆ دووشەممە 03ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی جووتسایدی ناحیەی حاجی ئۆمەران-دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانی کردەوە و ڕایگەیاند: حاجی ئۆمەران سەردەمانێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بووە و شوێنەواری بارزانیی نەمر و شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە.
سەرۆکی حکوومەت خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ "کردنەوەی بەشێک لەو ڕێگایە کە بە شێوەیەکی سەردەمییانە و ڕێکوپێک دروست کراوە و خراوەتە خزمەتی هاووڵاتییان". جەختیشی کردەوە " بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایانی خزمەتێکی یەکجار زیاتر لەوەن. ئەوەی لە دەستی حکوومەتیش بێ بە پێی ئیمکانیات لە خزمەتتان دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین."
مەسرور بارزانی گوتی: " ئێرە شوێنێکی گرنگە چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکارییش بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بکەین و لەڕووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە کە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین."
سەرۆکوەزیران لە کۆتایی وتەکانیدا هیوای خواست " ئەم ڕێگەیە و هەموو کارە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر بکەونەوە خزمەتی هاووڵاتییان و بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان".


وەڵام بدەوه