Kurdistan Press - سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو دادەندرێت سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو دادەندرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو دادەندرێت

ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە پڕۆژەی دروستکردنی "سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی لافاو" لە شاری هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدرا، کە پڕۆژەیەکی بێوێنەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانی، هاتووچۆ، کەشناسی، ئاودێری و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بنبڕکردنی مەترسییەکانی لافاو. پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا بە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی توانراوە مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر تا ئاستێکی زۆر کەم بکرێتەوە و دەرەنجامە ئەرێنییەکانیش لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا بەدی کران.
تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، نمایشکردنی پرێزنتەیشنێکی زانستی بوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێرەوە سەبارەت بە سیستەمە نوێیەکە. بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەکەمین شار لە عێراق کە خاوەنی سیستەمێکی پێشکەوتووی ئاگادارکردنەوە بێت، کە ئامانجی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییانە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی گۆڕانی کەشوهەوا.
سیستەمەکە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە کار دەکات و دەتوانێت زانیاریی ورد و پێشوەختە بداتە هاووڵاتییان و تیمەکانی فریاگوزاری. کارەکانی بریتین لە:١. ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێش ڕوودانی لافاو.٢. پێشکەشکردنی ڕێنمایی بە هاووڵاتییان لە ڕێگەی مۆبایلەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ باران و لافاو.٣. دیاریکردنی ناوچە مەترسیدارەکان و پلەبەندییان بەپێی ئاستی مەترسی.٤. خستنەڕووی زانیاریی تەواو و دروستی کەشناسی بە شێوەیەکی خێرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو پاڵپشتیی تەواوی پارێزگای هەولێری بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دووپات کردەوە و بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەت بۆ دیراسەکردنی زیاتری لایەنە تەکنیکییەکان پێکبهێنرێت، تاوەکو پڕۆژەکە بە زوویی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاسایشی شارەکە لەبەرامبەر کارەساتە سروشتییەکان بەهێزتر بکرێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه