حکوومەتی فەرەنسا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست بگەڕێنەوە.
ڕۆژی شەممە 10-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیێندراوێکدا داوای کرد ڕێگە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان خۆش بکرێت و پارێزگاری لە گیانی دانیشتووانی مەدەنی شارەکە بکرێت. فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە پشتگیری لەو پێشنیازانە دەکات کە مەبەست لێیان پاراستنی سڤیلەکانە، هاوشێوەی ئەو بەڵێنانەی پێشتر حکومەتی سووریا دابووی، هەروەها داوای کرد ڕێگە بدرێت شەڕڤانان بە شێوەیەکی "شکۆمەندانە" لە ناوچەکە بکشێنەوە.
پاریس جەختی کردەوە کە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی و بە پلەی یەکەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ حەلەب لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و فرەییدا، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان نوێنەرایەتییان هەبێت.
ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا لە کاتێکدایە، پێکدادانی توند لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و شەڕڤانانی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە. بەپێی دوایین ئامارەکان، ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.
ئەم پەرەسەندنە توندانە دوای ئەوە دێن کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەتی نوێی سووریادا، ڕووبەڕووی بنبەست بووەوە. فەرەنسا وەک هاوبەشێکی نێودەوڵەتی پێشتر داوای کردبوو کە مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەسەڵاتی نوێدا پارێزراو بێت.


وەڵام بدەوه