پڕۆژەیەكی ستراتیژی ڕێگاوبان كە تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە بە دەستی کار و توانای ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان 15 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ، بڵاوی كردەوە: "لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ژێرخانی ڕێگەوبان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی، کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لەسەر ڕێگای (خەبات - گوندک) لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامە."
ئاماژە بەوەش دراوە ، پڕۆژەکە لە ئۆڤەرپاسێک و ئەندەرپاسێک پێک هاتووە و بەپێی بەرزترین ستانداردە جیهانی و ئەندازەییەکان جێبەجێ دەکرێت.
روونیشی كردووەتەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی هاتوچۆیە لەسەر ئەو ڕێگەیە، هاوکات سیمایەکی مۆدێرن و شارستانی بە ڕێگاکە و دەڤەرەکە دەبەخشێت.
ئاشكراشی كردووە، گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە 15 ملیار و 630 ملیۆن دینار و ئەوەی جێگەی بایەخە، تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە بە دەستی کار و توانای ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەكاتەوە: "کابینەی نۆیەم لە ماوەی کارکردنی، پەرەپێدانی ڕێگەوبانەکانی وەک یەکێک لە کارە لەپێشینەکان داناوە، بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی کەرتی بازرگانی."


وەڵام بدەوه