Kurdistan Press - راگەیەنراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

راگەیەنراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان

بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

 

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، پوختەی كۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا خرایە ڕوو، كە لە ڕۆژی 2026/6/18 لە بەغدا واژۆ كرا.

 

لەمبارەیەوە لیژنەی تەكنیكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاریی كۆنووسی كۆبوونەوەی هاوبەش و لەیەكترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ئەنجوومەن خستە ڕوو.

 

ئەنجوومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو لا دەڕوانێت كە ئامانجی یەكخستنی ڕێكارە گومرگییەكان لە سەرانسەری عێراق و بەئەلكترۆنیكردنی ڕێكارە گومرگییەكان و پەرەپێدانی ڕوونی و شەفافیەتە لە داهاتی سنوورە گومرگییەكان، كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادكردنی داهاتی گشتی و كەمكردنەوەی ڕووتین و برەودان بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەنگاوانە بووە و برەوی پێداوە.

 

ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای پشتیوانی لە كۆنووسی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمان كاتدا وەزارەتەكانی ( دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، تەندروستی ) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندكردنی كۆتایی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو، شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بكات.

 

هەر لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵ دەكات لە نزیكترین دەرفەتدا، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ساز بكرێت بە مەبەستی پەسەندكردنی كۆتایی و جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكان كە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی گشتی و بەكارهێنانەوەی لە خزمەتی گشتی هاووڵاتییان و هەروەها ڕێكخستنەوەی پێوەندیی دەستووری و قانونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵییەكان و هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا .

 

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران كرد.

 

سەرەتا وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێكی پوختی خستەڕوو سەبارەت بە چاكسازییەكانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، بە تایبەتی بە دیجیتاڵكردنی ڕێكارەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و چالاككردنی سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و گلدانەوەی لێبڕینی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران و بەشداریی داراییی خاوەنكار لەم سندوقە و چالاكردنی نووسینگەكانی بەكارخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان، سەرەڕای سازدانی خولەكانی ڕاهێنان و فێركردنی پیشەكان، كە ئەم ڕێكارانەش وای كردووە كە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستبەر كراون، بگاتە نزیكەی 64 هەزار پڕۆژە، و سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو بە شێوازێكی بەرچاو، كە ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە نزیكەی 320 هەزار كرێكار، ئەوەی ئەم ڕێكارانە بووەتە هۆی هاندانی گەنجان بۆ پڕكردنەوەی دەرفەتەكانی كاركردن لە كەرتی تایبەت و دابینكردنی مافی خانەنشینی و وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا بەركارەكان، لە دوا بڕگەی ڕاپۆرتەكەیدا، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، پێشنیاری دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت كرد بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

 

سەرەتا سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشییان لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی بەرنامەی كاری حكوومەتدا، بە هاوكاریی نووسینگەی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران، كار و پڕۆژە و چالاكیی گرنگیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.

 

ئەنجومەنی وەزیران بە بایەخەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هەنگاو و ڕێكارانە كرد كە بوونەتە هۆی برەودان بە بەكارخستن لە دەرفەتەكانی كاركردن لە كەرتی تایبەت و هەوڵدان بۆ یەكسانكردنی مافەكانی خانەنشینی و دەستەبەر لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی و پاراستنی مافی كرێكاران و چالاككردنی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی.

 

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پەسەند كرد بۆ دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا