پوختەی هەواڵ
سەرۆکی حکوومەت: مەسروور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گەنمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکەن.
ماوەی جێبەجێکردن: ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێ دەکرێت.
ئامانج: ئاسانکاریکردن بۆ خێرا ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
وردەکارییەکانی هەواڵ
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 2054، کە بە واژووی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کراوە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاری پێویست دەکرێت بۆ لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم هەناردەی دەرەوە دەکەن.
هەروەها وێنەیەک لەو بڕیارە بۆ ئاگاداری و ئەنجامدانی کاری پێویست ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی کراوە. جێی ئاماژەیە، پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو کە ئەمساڵ گەنمی هەرێمی کوردستان هاوردەی دەرەوەی وڵات بکرێت.


وەڵام بدەوه