وردەکارییەکانی هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەک لە جووتیارانی قەزای پێنجوێن لە دژی بەردەوامی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئێرانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
عەلی رەمزی، نوێنەری جووتیارانی خۆپێشاندەر، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان پێشتر هۆشدارییان دابوو لە بارەی ڕاگرتنی هاوردەی تەماتە و سەوزەوات لەو سنوورەدا، بەڵام داواکارییەکانیان رەت کراونەتەوە و هێشتا هاوردەکردن لە مەرزی باشماخەوە بەردەوامە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم خۆپێشاندانە بۆ دابەزینی نرخی بەرهەمی خۆمالی دەگەڕێتەوە بەهۆی زۆری هاوردەی دەرەکییەوە. هەروەها ڕەخنەی لەوە گرت کە لە کاتێکدا لە سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق رۆژمێری کشتوکاڵی و بڕیارەکان وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام لە سنووری باشماخ پێوەی پابەند نابن.
لە کۆتاییدا، جووتیارانی خۆپێشاندەر جەختیان لەوە کردەوە کە تا کاتی یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیە و راگرتنی هاوردەی پێچەوانەی رۆژمێری کشتوکاڵی، رێگەی پێنجوێن - سلێمانی بەڕووی کاری بازرگانیدا داخراو دەبێت و خۆپێشاندانەکانیان بەردەوام دەبێت.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه