هەولێر — کوردستان پرێس ئەمڕۆ چوارشەممە (16ی ئەیلوولی 2026)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ بڕیار درا پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە کارا بکرێت کە لەسەر داهاتی ناوخۆ لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دامەزراون.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ئەم بڕیارە ڕێگە بە هەردوو وەزارەت دەدرێت شوێنی ئەو فەرمانبەرانە پڕ بکەنەوە کە لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون و بە هەر هۆکارێک دەستبەرداری کارەکانیان بوون یان وازیان هێناوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی راگرتنی دامەزراندنی هەمیشەیی، هەردوو وەزارەت پشتیان بە دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ بەستبوو. بەپێی رێکارە داراییەکانی پێشوو، لە کاتی وازهێنانی فەرمانبەرێکدا نەدەتوانرا کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنرێت، ئەمەش کێشەی بۆ میلاکی ناوەندەکانی خوێندن دروست کردبوو. کاراکردنەوەی ئەم پرۆسەیە بەبێ دروستبوونی بارگرانیی نوێی دارایی، کێشەی کورتهێنانی میلاک لە زانکۆ و ناوەندەکانی پەروەردەدا چارەسەر دەکات.
هەر لە هەمان کۆبوونەوەدا، ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 و راپۆرتی شاندی باڵای حکوومەت سەبارەت بە کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا لەسەر یاسای بودجەی 2027 و پشکی هەرێم بەپێی دوا ئەنجامەکانی سەرژمێریی عێراق تاوتوێ کران.


وەڵام بدەوه