سبەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر زیادبوونی قەزایەکی نوێ دەدرێت و ناوی قەزایەکی دیکەش دەگۆڕدرێت، بڕیاریشە لە داهاتوودا دوو ناحیەی نوێ دروست بکرێن، بە هۆی ئەوەی هەم ناوچەکە فراوان بووە و هەمیش رێژەی دانیشتووان زیادی کردووە.
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا هەڵدەستین بە گۆڕینی ناوی دەشتی هەولێر بۆ قەزای بنەسڵاوە و سەنتەرەکشی بنەسڵاوە دەبێت بەپێی ماددەی 6 لە خاڵی 13 لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارەی 3ی ساڵی 2009 و دواتریش هەڵدەستین بە هێنانەکایەی قەزایەکی دیکە بە ناوی قەزای قوشتەپە، کە ئەویش سەنتەرەکەی قوشتەپە دەبێت".
ڕەشید گوتیشی: "سەبارەت بە هێنانەکایەی چەند ناحیەیەک، لە کۆبوونەوەی سبەیدا بڕیاریان لەسەر نادرێت و لە داهاتوودا بڕیاری لێ دەدرێت، کە ئەوانیش کانی قرژاڵە و بێستانەن".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "هۆکاری دەرچوونی ئەو بڕیارانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکان فراوان بوون و ژمارەی دانیشتووانیشیان زیاد بووە، بۆیە ئەو بڕیارانە دەدرێت و قەزا و ناحیە بۆ هەولێر زیاد دەکرێت، کە دوای ئەوەی دەکرێنە قەزا، فەرمانگەی پێویستیشیان بۆ دەکرێنەوە
وەڵام بدەوه