سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كردووە، دۆسیەی چەکكردنی حزبوڵا بە پاڵپشتیی ئەمریكا خراوەتە سەرووی لیستی كارە لەپێشینەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان.
بەپێی زانیارییەكانی (ئەلعەرەبییە نێت) و (ئەلعەرەبییە ئەلحەدەس)، سەردانی ئەم دواییەی تۆماس باراک، نێردراوی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ بەیرووت، پەیوەندیی هەبووە بە گەیشتن بە نەخشەڕێگەیەک، کە لە ڕێگەی نێردراوی ئەمریکییەوە پێشکەش بە دەرەوە بکرێت، بۆ ڕادەستکردنی چەکی حزبوڵا، ئەوەش لەبەرامبەر فشار دروستكردنە لەسەر ئیسرائیل، بۆ کشانەوەی لەو پێنج خاڵەی کە لە باشووری لوبنان دەستی بەسەردا گرتوون.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان باسیان لەوە كردووە، یەکەم هەنگاو بریتییە لە دیاریکردنی دانیشتنێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان، کە بەشێکی گەورەی تەرخان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بڕگەی سنووردارکردنی چەک.
دووەمیان، کشانەوەی ئیسرائیل لە پێنج خاڵەکەی کە لە باشووری لوبنان دەستی بەسەردا گرتوون.
سێیەمیان، دەستپێکردنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە باشوور، گەڕەکی باشوور و بیقاع.
لەمبارەوە تۆماس بارک، نێردراوی ئەمریکا لە سەردانەكەی هەڵوێستی سەرنجڕاکێشی لەسەر چەکی حزبوڵا هەبووە و ئاماژەی بەوە داوە، كە (دەبێت حزبوڵا بسڕدرێتەوە).
ڕادەستکردنی چەک بە قۆناغ.
فەیسەڵ سایغ، نوێنەری حزبی سۆشیالیست لە بەیرووت، دەڵێت: "هەڵوێستی نێودەوڵەتی و هەرێمیی لەسەر بابەتی چەک ڕوونە و پێویستە بە قۆناغ لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕادەستی دەوڵەتی لوبنان بکرێتەوە، کە زۆرترین کاتی تا کۆتایی ئەمساڵە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵوێستی لوبنان لە بەڵگەنامەی نێردراوی ئەمریکی بەپێی بنەمای (هەنگاو بە هەنگاو) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، واتە هەر هەنگاوێک لە لایەن لوبنانەوە دەبێت هەنگاوێکی هاوشێوەی لە لایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر بێت.
سایغ دەشڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت لوبنان بەفەرمی پێشنیازێک یان دیدگەیەک بە نێردراوی ئەمریکی بدات سەبارەت بە چۆنیەتیی خشتەبەندکردنی ڕادەستکردنەوەی چەکی حزبوڵا، لەگەڵ داواکردنی کشانەوەی ئیسرائیل لە خاڵە داگیرکراوەکان، بە مەرجێک ئەم دیدگەیە لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیراندا وەربگێڕدرێت، کە پابەندبوونی بە چەککردنەوە دووپات بکاتەوە."
وەڵام بدەوه