ئێران بەڵایەکی گەورە بەسەر ئیسرائیل دەهێنین. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: ئەگەر ئەمجارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، پلانێکی وەهایان داڕشتووە و بەڵایەکیان بەسەر دەهێنن، کە ئەمەریکاش نەتوانێت ناتانیاهۆ ڕزگار بکات.
عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 4ـی تەممووزی 2025، لە تاران و لە میانی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆحی، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی پێشووی هێزەکانی سوپای پاسداران گوتی: دوژمن بۆ ئەم شەڕ پێفرۆشتنە 15 ساڵ بەرنامەڕێژی کردبوو، لە ناوخۆی ئێراندا ڕاهێنانیان بە بەکرێگیراوان کردبوو، گوایە پلانێکی وردیان ئامادە کردووە، بەڵام سەبارەت بە ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی و گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێران لێکدانەوەیەکی هەڵەیان هەبوو.
گوتیشی: بابەتی ئەتۆمی پاساوێک بوو بۆ دەستدرێژییەکان و وایان پلانداڕشتبوو لە ماوەی 48 کاتژمێر تا هەفتەیەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو ببەن، بەڵام گەلی ئێران سەرکەوتوو بوو، بە گوێرەی پلان لە هەنگاوی یەکەمدا بەرپەچدانەوە و ڕێگریمان کرد، لە هەنگاوی دووەمدا ئۆپەراسیۆنی تەنبێکردن جێبەجێ کرا و، پێچەوانەی پێشبینییەکانی دوژمن، هاووڵاتییانی ئێران کێشەکانیان بەلاوەنا و یەکگرتووانە هاتنە مەیدان.
بە گوتەی مووسەوی، یەکگرتوویی خەڵکی ئێران، ئەمەریکای ناچارکرد فریای ناتانیاهۆ بکەوێت، هەر بۆیە داوای ئاگربەستیان کرد تەنیا بۆ ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ ڕزگار بکەن، بەڵام لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە سەر ئێران، ئەمجارە ئەمەریکاش ناتوانێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕزگار بکات.
سوپاسالاری ئێران ڕایگەیاند، بە فەرمانی ڕێبەری باڵای ئینقلاب، پلانی چارەڕەشکردنی ئیسرائیل ئامادە کرا بوو، بەڵام دەرفەت نەبوو جێبەجێ بکرێت، گوتیشی: ئەمجارە ئەگەر هێرش بکاتەوە سەر ئێران، ئەو کاتە دەبینێت چی بەسەر دەهێنرێت، ئێمە و خەڵکی ئێران هۆشیارین، بەڵایەک بەسەر ئیسرائیل دەهێنین، کە ئەمەریکاش نەتوانێت ناتانیاهۆ ڕزگار بکات.
سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، هێرشی فراوانی ئاسمانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە لە نێوانیان هەڵگیرسا، دواجار ئەمەریکا بە فڕۆکە B-2 لە بەرەبەیانی یەکشەممە 22ـی هەمان مانگ هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان) و دوای هێرشەکەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "دامەزراوەی فۆردۆ کۆتایی پێهات و ئێستا کاتی ئاشتییە"، بەڵام کاتژمێر حەوتی بەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی جەنگەکە دەست بەرداری هێرشکردنە سەر یەکتر بوون و ئاگربەست ڕاگەیاندرا.
وەڵام بدەوه