دوای ئەوەی لە 22ی مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆمبهاوێژەكانی ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران و وەك خۆیان دەڵێن وێرانیان كردن، راوێژكارێكی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران داوا لە ئەمەریكا دەكات بەهۆی ئەو زیانە گەورەی بەو دامەوزراوانە كەوتووە قەرەبووی وڵاتەكەی بكاتەوە.
عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، حكوومەتی ئەمەریكا هێرشێكی سەربازی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەو هێرشە نایاساییە بووە هۆی كەوتنەوەی زیانێكی گەورە، كە واشنتن بەرپرسیارەتیی تەواوی بەرانبەر هەڵدەگرێت، بۆیە پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت و ناچاری قەرەبووكردنەوەی دارایی و ماناكی ئێران بكرێت.
ویلایەتی روونی كردەوە، گەلی ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی گوشارەكان و دوژمنداری بەردەوام دەبێت، دەست بە مافەكانی لە پێشكەوتنی زانستی و سەربەخۆیی تەكنۆلۆجی دەگرێت و هیچ هێزێكیش نییە بتوانێت رێگری لە بەدەستهێنانی مافە رەواكانی بكات، بۆیە ئێران بە رێگەی یاسایی و دیپلۆماسی بەدواداچوون دەكات و ئەو بابەتە خراوەتە ناو بەرنامەی كاری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە كە لە چوارچێوەی شەڕی ئاسمانیی مانگی رابردووی ئیسرائیل و ئێران كە 12 رۆژی خایاند، تاران راستەوخۆ بە مووشەك بۆردمانی پێنج دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیلی لە باكور و باشووری ئەو وڵاتە كردووە، لەوانە بنكەیەكی گەورەی ئاسمانی و ناوەندێكی كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و بنكەیەكی لۆجیستی.
وەڵام بدەوه