لە ماوەی ساڵانی رابردوو ئێران بە سێ رێگەی سەرەكی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەپاند، لەوانە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی، كە ترس و دڵەڕاوكێیەكی گەورەیان لای وڵاتانی ناوچەكە دروست كرد، جیا لە میلیشیاكانی، كە لافی ئەوە لێ دەدا توانیویەتی هەژموونی خۆی بەسەر چوار پایەتەختی عەرەبیدا بسەپێنێت، كەچی لە دوای شەڕی غەزەوە شەڕەكە خرایەوە ناو خاكی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریكا لە شەڕێكی ئاسمانیی 12 رۆژدا، توانیان هەرسێ خاڵە سەركییەكەی هەژموونی ئەو وڵاتە لاواز بكەن.
دوای رێككەوتنی ئاگربەستی شەڕەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستەش تاران ئەمەریكا و ئیسرائیل لە هێرشێكی تر وریا دەكاتەوە، بەوەی هێشتا توانا مووشەكییەكانی خۆی بەكار نەهێناوە و ئەگەر هێرشی بكرێتە سەر، ئیسرائیل وێران دەكات، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن ئەوان توانایان هەیە دوو ساڵی تر مووشەكبارانی ئیسرائیل بكەن، ئەوەش وای كردووە شارەزایانی سەربازی و هەواڵگریی رۆژئاوا گرنگی بەو بابەتە بدەن.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، ئێران لە سەرەتای شەڕەكەوە سێ هەزار مووشەكی هەبوو، جیا لە 500 بۆ 600 سەكۆی هەڵدانی مووشەك، لە كۆتایی شەڕە 12 رۆژییەكە لەگەڵ ئیسرائیل و دوای هێرشەكەی ئەمەریكا لە 22ی حوزەیران بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەكان، ئەمباری مووشەكیی تاران بۆ هەزار و هەزار و 500 مووشەك كەم بووەوە، جیا لە 150 بۆ 200 سەكۆی هەڵدانی مووشەكی.
جان كاس ئۆگلو توێژەر لە پەیمانگەی هدسۆن و شارەزای كاروباری سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، سەرەڕای نسكۆكانی بەسەر ئێراندا هات، بەڵام تا ئێستە بەهێزترین هێزی مووشەكیی باڵیستییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەمان لە شەڕەكەدا بینی، مووشەكەكانی ئێران توانیان ئاسمانی ئیسرائیل ببڕن و بگەن بە ئامانجەكانیان.
ئەگەرچی تا ئێستە بەرپرسانی سەربازیی ئێران لاف بە توانای سەربازی و مووشەكیی خۆیان لێ دەدەن، بەڵام زیانەكانی ئەوان لە شەڕەكە زۆر گەورە بوو و بەرهەمهێنانی مووشەكیان پەكی كەوت و بژارەكانیان لەوبارەوە كەمتر بووەتەوە، بۆیە توانایان بۆ ئەنجامدانی هێرشی چڕ و بەردەوام زۆر كەم بووەتەوە.
وەڵام بدەوه