دوای چەند رۆژێك شەڕ و پێكدادانێكی سەخت لە پارێزگای سوێدا لە باشووری سووریا و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 600 كەس لە هەموو لایەكانی شەڕ و هاووڵاتییانیش، ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی سووریا جێبەجێبوونی رێككەوتنی ئاگربەستی لەو پارێزگایە راگەیاند و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە وتارێكی حكوومەتی وەك بێلایەن لەو شەڕە پێشان دا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلش رەخنەی لە شەرع گرت بەوەی لایەنگریی خێڵەكان لە دژی درووزەكان دەكات.
جەدعوون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رەخنەی لە وتارەكەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لەبارەی رووداوەكانی پارێزگای سوێدا لە باشووری سووریا گرت و گوتی، وتارەكە وەك پاڵپشتییەك بوو بۆ توندڕۆ هێرشبەرەكان، كاتێك خێڵەكانی وەك هێمایەك بۆ بەها پیرۆزەكان وەسف كرد و بەرپرسیارەتیی ئاڵۆزییەكانیشی خستە ئەستۆی قوربانیان كە درووزەكانن، كە دەستدرێژیان كراوەتە سەر، روونی كردەوە، لەپاڵ هەموو ئەوانەش شەرع بیردۆزی پیلانگێڕی و تۆمەتی تری خستە پاڵ ئیسرائیل.
ساعر روونی كردەوە، لە سووریای شەرع، زۆر مەترسیدارە تاكێك بیت لە پێكهاتەكانی كورد و درووز و عەلەوی و مەسیحی، لە شەش مانگی رابردووش ئەو شتە زۆر جار دووبارە بووەتەوە، ئێستەش مسۆگەریی پاراستنی ئاسایش و مافی پێكهاتەكانی سووریا دەكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەستنەوەی قبووڵكراویی سووریای نوێ لە ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پاراستنی ئەوانە.
ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی سووریا جێبەجێبوونی راستەوخۆی رێككەوتنی ئاگربەستی لە پارێزگای سوێدا لە باشووری سووریا راگەیاند و داوای پابەندیی هەموولایەكی پێوە كرد و وریایی دایە هەمووان لە ئەگەری پێشێلكردنی، لەدوای ئەوە ئەحمەد شەرع لە وتارێك رای گەیاند كە خواستێكی جیاخوازی لای هەندێك كەس بە پاڵپشتی دەرەوە دەركەوت و ئەوەش لە بەرژەوەندیی سووریا نییە.
روونی كردەوە، داوامان لێ كرا بچینە ناو بابەتەكە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش لە سوێدا، ستایشی رۆڵی ئەمەریكا و خێڵەكانی ناوچەكەی كرد و داوای لە خیڵەكان كرد پابەندی ئاگربەست بن و گوتی، رووداوەكان دەریانخست كە بەشێكی كەم نەبێت، رۆڵەكانی سوێدا پاڵپشتی دەوڵەت دەكەن و ئێستەش ناكرێت بەهۆی ئەو بەشە كەمەوە دادگایی تەواوی تایفەی درووز بكرێت.
وەڵام بدەوه