زانیارییە هەواڵگری و هەرێمییەكان، ئەوە دەردەخەن، کە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەنێوان واشنتۆن و تاران، وەک خولەکانی پێشووی گرژییە سنووردارەکان نابێت، بەڵکوو ئەگەری هەیە بەخێرایی فراوان بێت و یەكەم پرووشكی ئاگرەكە لە بەغدا بێت، کە ساڵانێکە گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكایە.
حسێن ئەلئەسعەد، پسپۆڕی کاروباری هەرێمی، دوێنێ یەکشەممە (20ی تەممووزی 2025)، هۆشداریی دا لە دەرئەنجامەکانی هەر ململانێیەکی نوێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتیشی، “عێراق یەکێک دەبێت لە یەکەمین وڵاتە زیانمەندەکان لە ڕووی ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بە حوكمی پێگە جوگرافییەکەی و هەستیاریی دۆخە سیاسییەکەی لەنێوان هەردوو لایەندا.”
(ئەلئەسعەد)ی بۆ (بەغدا ئەلیەوم) جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، لەبەر ڕۆشنایی گرژییە ڕوو لە زیادبوونەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا و ئێران، قسەکردن لەسەر ئەگەری دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ لەلایەن واشنتنەوە دژی تاران، نیگەرانییەکی قووڵی لە عێراق دروست كردووە، ئەویش بەهۆی هەستیاریی پێگە جوگرافی و سیاسییەکەی لەنێوان هەردوو لایەندا.
عێراق وەک لاوازترین ئەڵقە لە هەر پەرەسەندنێکی داهاتوودا سەیر دەکرێت، چونکە تا ئێستاش خاوەنی ژێرخانێکی ئەمنی و ئابووریی سەقامگیر نییە، کە بتوانێت دەرئەنجامەکانی هەر شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵبمژێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابووری و فشارە جەماوەرییە ناوخۆییە ڕوو لە زیادبوونەی کە بەهۆی تێکچوونی بژێوی و خزمەتگوزارییەکانەوە تێیدا دروست بووە.
ئەو شارەزا سیاسییە دەڵێت: “هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوچەکەدا تەنیا لەناو سنوورەکانی ئێراندا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت، چ لە ڕووی ئەمنی، ئابووری، یان کۆمەڵایەتییەوە. عێراق لە لایەکەوە هێزی سیاسی و چەکداریی پەیوەست بە تاران لەخۆ دەگرێت و لە لایەکی دیکەشەوە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە چوارچێوەی هاریکاریی ئەمنیدا، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە ئەگەری گۆڕەپانێکی پێكدادان بۆ هەر ململانێیەکی بەوەکالەت.”
ئەلئەسعەدی ئاماژەی بەوەش کردووە: “بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە کە خۆی بەدوور بگرێت لەوەی ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حساباتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، چونكە عێراق بەرگەی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا ناگرێت و پێویستە هەموان تێبگەن کە یاریکردن بە ئاگر لەم ناوچە گڕگرتووەدا دەرئەنجامی کارەساتباری دەبێت کە هەموان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە.”
وەڵام بدەوه